نیکۆلا تێسلا

  • زاناکان
  •  
  • Mumin
ژیاننامەی نیکۆلا ، ساڵانی دەست بەکار بوونی ، داهێنانە نادیارەکانی ، سروشتی ژیانی ، باری ژیان و گوزەرانی

ناوەرۆک

  1. ژیاننامەی نیکۆلا تێسلا 
  2. ساڵانی دەست بەکاربوونی 
  3. تاقیگەی تێسلا بۆ ڕووناکی کارەبایی و دروستکردن
  4.  پێشبینی و بینینیەکانی تێسلا 
  5. گەڕانەوەی نازناوی دۆزەرەوەی ڕادیۆ 
  6. داهێنانە دیارەکانی تێسلا کە لە ژیانی ئەمڕۆدا بەکار دێن
  7. داهێنانە نادیارەکان 
  8. سروشتی ژیانی تێسلا 
  9. باری ژیان و گوزەرانی
  10. موڵک 
  11. بڕوانامەی داهێنان 
  12. زانیاری کەسی 
  13. سەرچاوەکان 

ژیاننامەی نیکۆلا 

داھێنەر و ئەندازیارێکی میکانیکی و کارەبایی و فیزیکزانی سیربیی ئەمریکی بوو، کە لە شاری سمیلجان لە کرواتیا لەدایکبووە لە ساڵی ١٨٥٦، ئێستا سمیلجان بەشێکە لە کرواتیا کە پێشووتر لەژێر دەسەڵات و سنووری پاشای نەمسادا بوو، باوکی تێسلا قەشە بوو، ھەرچەندە دایکی بێ ئیش و کار بووە و خوێندەوارییەکی ئەوتۆی نەبووە، بەڵام خاوەنی مێشکێکی بەھێز بووە و ئارەزووی لە بەکار ھێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنی و میکانیکییەکان بووە، تێسلا دواتر ڕەگەزنامەی ئەمریکی وەرگرتووە، بەھۆی داھێنان و شۆڕشەکانی لە بواری فیزیک و کارەبا و میکانیک کردووە بەتایبەت لە وزەی کارۆموگناتیسی، ئەویش لە کۆتاییی سەدەی ١٩ و سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ەم ناوبانگی دەرکرد

ساڵانی دەست بەکار بوونی ١٨٨١-١٨٨٤

تێسلا سەرەتای دەست بەکاربوونی وەکو داھێنەرێکی سەرەتاییی ھاتە پێش و ھەروەھا ئەندازیاری کارەبا بوو کاتێک لە نووسینگەی ناوەندی تەلەگرافی لە ناوچەی بۆدابست کاری دەکرد، لە ساڵی ١٨٨١ بۆ ساڵی ١٨٨٢ پەیوەندیی کرد بە کۆمپانیای Continental Edison لە پاریس لەو ماوەیەدا بەپێی ھەندێک ھەواڵ و ڕاپۆرت بێت کە بڵاوبووبوویەوە تێسلا باسی لەوە کردبوو کە ھەستاوە بە کێشانی نەخشەیەکی بنچینە و بنەماکانی بواری کارۆموگناتیسی گۆڕاو، کە وەکو دیارە ئێستا لە زۆرێک لەو ئامێرانە بەکاردێت کە لەسەر بنچینەی کارۆموگناتیسی کار دەکەن، ئەم داھێنانە سەرەتا بوو بۆ ھاتنە ناو جیھانی تەکنەلۆژیا و ھەروەھا دروستبوونی ئاژاوەش لە ھەمان کاتدا لەگەڵ ئەدیسۆن و چەند لایەنێکی تر، ھەر ئەم داھێنانە بوویە ھۆی بناغەی ئامێر و تەکنەلۆژیاکانی ئێستا و داھاتوو، وەکو دروستکردنی یەکەم مەکینە کە لەسەر بنچینەی کارەبای تەزوو گۆڕ کاری دەکرد، پاشان بەرەو نیویۆرک ئەویش لە ساڵی ١٨٨٤ ھەموو ئەمانە لە تەمەنی گەنجییەتیدا ئەنجامی دان، تێسلا داوای لە ئەدیسۆن کردبوو کە وەکو کارمەندێک لای خۆی وەری بگرێت و بیبات بەرەو نیویۆرک. ئەدیسۆنیش وەری گرت و بەیەکەوە بەرەو نیویۆرک گەشتیان کرد، خەوی منداڵیی تێسلا ئەوە بوو کە بتوانێت بچێت بەرەو ئەمریکا و دەست بەسەر وزەی تاڤگەکانی نیاگارادا بگرێت

تاقیگەی تێسلا بۆ ڕووناکی کارەبایی و دروستکردن

ھەندێک جار وتراوە تێسلا لەگەڵ ئەوەی زانایەکی زۆر زیرەک و درەوشاوە بووە لە ھەمان کاتیشدا پیاوێکی بازرگانیی شکستخواردوو بووە، ھەرچەندە داھێنانەکانی لەڕووی بازرگانییەوە دەکرا سامانێکی زۆر کۆبکەنەوە، بەڵام ئەدیسۆن پیاوێکی بازرگان بوو و ھەمیشە لە ھەوڵی سامان کۆکردنەوە بوو لەگەڵ ئەوەی داھێنەریش بوو، بەڵام بەراورد بە تێسلا داھێنانەکانی ئەدیسۆن وەکو شتێکی سادە بوون، ئەمانە و ھەندێک ھۆکاری بیرکردنەوە و ئایدۆلۆجی جیاوازیان وای لێ کردن نەتوانن زۆر بەیەکەوە بمێننەوە و ئەمەش بووە ھۆکاری ئەوەی تێسلا دوای ماوەیەک واز لە کارەکەی بھێنێت و کارگەکەی ئەدیسۆنی جێھێشت. تێسلا تا کۆتاییی ژیانی، کە نزیکی ٥٩ ساڵ دەبوو، ھەستا بە دروستکردنی تاقیگەیەکی تایبەتیی خۆی لەژێر ناوی «ڕووناکیی کارەباییی تێسلا و بەرھەمھێنان» ھەر لەوێ بوو تیشکە-ئێکسی دۆزییەوە و تاقیکردنەوەی لەسەر خۆی کرد و ھەندێک تاقیکردنەوە و داھێنانی تر کە تەنھا خۆی لێی تێدەگەیشت، دوای ئەوەی تێسلا گەشتێکی بەرەو کۆلۆرادۆ کرد، پاشان دوای ماوەیەک گەڕایەوە بۆ نیویۆرک لەگەڵ بەرەوپێشچوونێکی زۆری زانستی، یەکەم وێستگەی وزەی کارۆئاوی(Hydroelectric) دروست کرد، ئەویش لەسەر تاڤگەکانی نیاگرا، لە ھەموویشی گرینگتر تەواوکردنی سیستەمی تەزووی گۆڕاو بوو

پێشبینی و بینینەکانی تێسلا 

تێسلا بە گەورەترین زانا و داھێنەری مێژوو بە درێژای سەدەکان دانراوە و ھیچ گومانێکیش لە لێھاتووییی ئەم کەسە نییە، پێشبینی و بینینەکانی تێسلا زۆر گەورەتر و لەپێشتر بوو لەچاو ئەو سەدەیەی تێیدا دەژیا و ھەروەھا زۆر لە پێش زاناکانی تر بوو، کە ئەو کاتە گەورەترین ڕکابەری ئەدیسۆن بوو، سەرەتای خوێندنی لە قوتابخانەیەک بوو بە ناوی پۆلیتەکنیک پاشان خوێندنی زانکۆشی لە براگ تشیکییە تەواوکردووە و بڕوانامەی وەرگرتووە، سەرەتا لەگەڵ فیزیا و بیرکاری خۆی خەریککردووە، شارەزایییەکی زۆر باشی ھەبووە بەڵام زووبەزوو بیرکردنەوەی گۆڕا و ھاتە ناو بواری کارەبا و میکانیک چونکە کارەبا شتێک بوو لای ئەو تووشی سەرسووڕمانی کردبوو

گەڕانەوەی نازناوی دۆزەرەوەی ڕادیۆ 

لە ساڵی ١٨٩٨دا، بەھۆی ئەوەی تێسلا ھەوڵی گەڕانەوەی نازناوی دۆزەرەوەی ڕادیۆی دا بۆ خۆی کە لێی دزرابوو، کارگەکەی تێسلا ئاگری تێبەربوو و بەھۆیەوە گشت کەلوپەل و دۆزینەوەکانی ناوی لەناوچوون. لە ماوەیەکی کەمدا تێسلا توانی گشت کەلوپەلەکان دروستبکاتەوە و دەستبکاتەوە بە دۆزینەوەکانی. لە ساڵی ١٩٤٩ دادگایەکی ئەمریکی مافی دۆزەرەوەی ڕادیۆی گەڕاندەوە بۆ تێسلا کە خاوەنی ڕەسەنی دۆزینەوەکە بوو و لە ساڵی ١٨٩٣ دۆزیبویەوە لەجیاتی مارکۆنی کە لە ساڵی ١٨٩٤ دۆزینەوەی ڕادیۆی دەخستبوو، و بەھۆیەوە توانیبووی خەڵاتی نۆبڵ لە فیزیا بەدەستبھێنێت، لە ساڵی ١٩١٦ بڕیاردرا خەڵاتی نۆبڵ لە فیزیا و بە ھاوبەشی بدرێتە ئەدیسۆن و تێسلا بەڵام ھەریەکەیان ڕەتیان کردەوە خەڵاتەکە لەگەڵ ئەوی تردا وەربگرێت

داهێنانە دیارەکانی تێسلا کە لە ژیانی ئەمڕۆدا بەکار دێن

• تەزووی گۆڕاو
• دەستگرتن بەسەر ڕووناکیدا
• تیشکە ئێکس
• ڕادیۆ و شەپۆلی ڕادیۆیی
• دوورەڕاگیرکردن
• ماتۆڕی کارەبایی
• ڕۆبۆت
• لەیزەر
• پەیوەندییە بێ وایەرەکان
• وزەی بێ وایەر
• وزەی ئازاد و خۆڕایی
• سیستەمی گۆڕین و کەش و ھەوا
• مایکرۆوەیڤ
• تەلەڤیزیۆن
• کۆیڵی تێسلا
• ڕادار
• مایکرۆسکۆپی ئەلیکترۆنی
• گڵۆپی نیۆن
• گڵۆپی فلۆرین
• لەرەلەرکەری تێسلا
• تیشکی مەرگ
• کەمترایڵ
• بیرۆکەی مۆبایلی زیرەک

داهێنانە نادیارەکان

تێسلا لەنێوان ھەموو مرۆڤەکانی پێش خۆی و سەدەی ئێستا و داھاتوو تاکە کەسە زۆرترین داھێنانی ھەبووبێت، بۆیە ئەگەر سەیری مێژووی بکەین و سەیری ئێستا بکەین ھەرگیز کەسێکی تری وەکو ئەو نادۆزینەوە، ئەوە تەنھا چەند داھێنانێی کەمی بوو ھەرچەندە زیاتر لە ٧٥٠ دانەی تری ھەیە بەڵام زۆرێکیان لە ساڵی ١٩٤٣ دوای مردنی تا ئێستا نازانرێت، تەنھا حکوومەتی ئەمریکا و دەزگاکانی سی ئای ئەی و ئێف بی ئای دەزانن و ھەروەھا ھەندێکیان ھەرگیز ئاشکرای نەکردووە تەنھا ئاماژەیەکی کەمی پێداون.

داھێنانێکی گرینگ و شێتانەی نھێنیی تێسلا بریتی بوو لە Oscillator کە بە شێوەیەکی میکانیکی لەرەلەر دروست دەکات کە ناونرابوو Tesla Oscillator، لە ڕێگەی ئەم جۆرە داھێنانە دەتوانرێت زەمین لەرزەی دەستکرد ئەنجام بدرێت و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٩٣دا دروستی کرد، لەرەلەرکەری کارەباییی میکانیکی کە لە ڕێگەی وزەی بەھەڵمبوونی کارەبایییەوە بەرھەم دێت، دوای چەند ساڵێک لە ژیانی ئەوەی ڕاگەیاند بەھۆی یەک جار تاقیکردنەوەی ئەم ئامێرە کە دروستی کردبوو، لە ساڵی ١٨٩٨دا لە شاری نیویۆرک تاقی کردبوویەوە بووە ھۆی زەمین لەرزەیەک، پاش بڵاو بوونەوەی ھەواڵەکە پاشان ناونرا ئامێری زەمین لەرزەی تێسلا Tesla earthquake machine.

سەرەتا تێسلا ئەوەی وتبوو کە ئۆسیلەیتەرێکی بچووکی دروست کردووە و کاتێک داوییەتییەتی لە نووسینگەکەی و دای گیرساندووە لەو کاتە لەرەلەرێکی گەورەی بەرھەمھێناوە و ئەو بینایەی ئەمی تێدا بووە تووشی لەرزەیەکی گەورە بووە و ھەتا کاری کردووەتە باڵەخانەکانی دەوروبەری، ھەرچەندە کێشی ئامێرەکە چەند پاوەندێکی کەم بووە، بەڵام تێسلا بە جۆرێک لەرەلەرەکەی دیاریکردبوو ئەوەندە گەورەبوو دەیتوانی بینایەک بەتەواوی بھێنێتە لەرزە، ئەو کەسەی کە لەگەڵ تێسلا بووە و ئاگای لەم تاقیکردنەوەیە بووە بە پێکەنینەوە گێڕاوییەتییەوە و دەڵێت: تێسلا چەکوشێکی لەگەڵ خۆی ھەڵگرتبوو پاش ئەو ڕووداوە بۆ شکاندنی ئامێرەکە بۆ ئەوەی خەڵک ھەستی پێ نەکەن و دوایی کێشەی بۆ دروست نەکەن، ھەروەھا وتبووی بە یاریدەدەرەکەی تۆش خۆت وەکو نەزانێک دەربخە

سروشتی ژیانی تێسلا

تێسلا جگە لەلایەنی زانستییەوە جێی سەرسووڕمان بوو، لە لایەکی تریشەوە بەھۆی سروشتی ژیانی و ھەندێک ھەڵسوکەوتی تەواو ناسرا بوو:

لەگەڵ ژمارە ٣دا پەیوەندییەکی سەیری ھەبوو بە جۆرێک ٣ جار دەستی دەشۆرد یان ٣ جار بەدەوری باڵاخانەیەکدا دەسووڕایەوە پێش ئەوەی بچێتە ناوی، لەوە دەچێ تووشی نەخۆشیی واسواسی و دەروونی بووبێت.


زۆر ڕقی لە مرواری بوو، بەجۆرێک خەریک دەبوو شێت بێت کە دەیبینی، ھەر ژنێک مرواریی لەخۆی بەستبووبێت تێسلا قسەی لەگەڵ نەکردووە و نەشزانرا بۆ ئاوا ڕقی لێیەتی.


تێسلا ژیانی پڕ و لە مەینەتی و ئازار، ژنیشی نەھێناوە، ژیانی ھاوسەرییەتی بە ھیچ جۆرێک بۆ ئەم ڕێکنەدەکەوت، پێی وابوو ئەگەر زانایەک ژن بێنێت ئەوا داھێنانی گەورەی بۆ ناکرێت و ژن دەبێتە ڕێگر لەبەردەم کارەکانی.

ھەموو کۆتاییی ژیانی لە نیویۆرک بەسەر برد، دوو ساڵی کۆتا لە ئوتێلی نیو یۆرکەر لە ژووری ژمارە ٣٣٢٧ کە دەکەوتنە نھۆمی سێیەم.


لەگەڵ ئەوەی تێسلا خاوەنی ئەو ھەموو داھێنان و پرۆژانە بوو، بەڵام وەکو کەسێکی ھەژار و بێ کەس دەژیا.


تێسلا کۆترباز بوو، زۆر حەزی بە کۆتر دەکرد، نەک تەنھا خواردنیان پێ بدات و بەخێویان بکات بەڵکو کۆتری نەخۆش و برینداری ھەڵدەگرت لەگەڵ خۆی و دەیبردن بۆ ژوورەکەی بۆ ئەوەی چارەسەریان بکات، وەکو دەڵێن کۆترێک دڵی تێسلای بردووە، تێسلا لەسەر کۆترێک ھەندێک کتێبی نووسیوە نازانرێت بۆ.


تێسلا باوەڕی تەواوی بە زانستی باشکردنی وەچەنانەوە ھەبوو و دەیووت ھەندێک مرۆڤ بۆ ئەوە ناشێن وەچە بنێنەوە و مناڵیان ببێت، چونکە ئەو کەسانە نازانن بژین و ناتوانن سوود بگەیەنن، ئەویش لە ڕۆژنامەی سمیتسۆنیان بڵاوبوویەوە لە ساڵی ١٩٣٥ کە خۆی نووسیبووی

باری ژیان و گوزەرانی تێسلا 

تێسلا لە ساڵی ١٩٠٠ەوە لە ناوچەی واڵدۆرف لە شاری نیویۆرک ژیانی بەسەربرد و قەرزێکی زۆریشی لەسەر بوو. لە ساڵی ١٩٢٢ لە میوانخانەی سەینت ڕێگیس دەمایەوە ئیتر دوای ئەوە بەم شێوەیە چەند ساڵ جارێک ھەڵسا بە گۆڕینی ئەو میوانخانەیەی تێیدا دەمایەوە.

ڕۆژانە تێسلا ڕێی دەکرد بەرەو باخچە و خواردنی بە کۆترەکانی ئەوێ دەدا. لە سەرەتادا لە پەنجەرەی ژوورەکەی لە میوانخانە دەستی بە ناندانی کۆترەکان کرد و چارەسەری کۆترە بریندارەکانیشی دەکرد. بە گووتەی خۆی ڕۆژانە کۆترێکی سپی بریندار چووەتە لای. زیاتر لە ٢٠٠٠ دۆلاری خەرجکرد تاوەکو ئاگاداری ئەو کۆترەیەیان بێت و تەنانەت ئامێرێکی بۆ دروستکردووە تا یارمەتی بدات لەکاتی چاکبوونەوەی باڵ و قاچێکی. تێسلا وتوویەتی: من بە درێژاییی چەندین ساڵ ھەزارەھا کۆترم نانداوە؛ بەڵام یەکێکیان جیاواز بوو، ئەو دانەیان باڵندەیەکی جوان بوو کە تەنیا کۆتاییی باڵەکانی خۆڵەمێشیی کاڵ بوو، ئەگینا سەرتاپای سپی پۆشبوو. ئەو دانەیە مێیینە بوو. من تەنیا ئاواتم دەخواست و بانگیم دەکرد ئەویش یەکسەر لە شەقەی باڵی دەداو دەفڕییە لام. من ئەو کۆترەم خۆشدەویست وەک چۆن پیاوێک ژنێکی خۆشبوێت. تا ئەو کاتەی ئەوم ھەبوو، لە ژیانمدا مانا و مەبەستم ھەبوو

موڵک 

ە ساڵی ١٩٥٢دا، لەسەر پێداگریی برازاکەی، ساڤا کۆسانۆڤیچ، گشت موڵکی تێسلا لەنێو ٨٠ کارتۆن کە پیتەکانی ن.ت. لەسەریان درابوون بە بەلەم گەیەندرایە بێڵگرەید. لە ساڵی ١٩٥٧دا، سکرتێری کۆسانۆڤیچ، شارڵۆت موزار، خۆڵەمێشی تێسلای لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گواستەوە بۆ بێڵگرەید. خۆڵەمێشەکە لە قاپێکی زێڕیی بازنەیی لەسەر ستونێکی مەڕمەڕی لە مۆزەخانەی تێسلا نیکۆلا نمایشکراوە

بڕوانامەی داهێنان

تێسلا نزیکەی ٣٠٠ بڕوانامەی داھێنانی لە سەرانسەری جیھان بۆ داھێنانەکانی بەدەست ھێناوە. ھەندێک لە بڕوانامەکانی تێسلا ئاماژەیان پێنەکراوە و چەند سەرچاوەیەکی جیاواز ھەندێکی دۆزیوەتەوە لەنێو ئەرشیفی بڕوانامەکان. بەلایەنی کەمەوە ٢٧٨ بڕوانامەی ناسراو ھەیە کە دراوە بە تێسلا لە ٢٦ وڵاتەوە. زۆربەی بڕوانامەکانی تێسلا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڕیتانیا و کەنەداوە بوون، بەڵام چەندین بڕوانامەی تری لە سەرانسەری جیھان پەسند کراوە. زۆر لەو داھێنانەی کە تێسلا گەشەی پێداون نەخراونەتە لیستی بڕوانامەی داھێنان.

زانیاری کەسی 

درێژی تێسلا ٦ پێ و ٢ ئینچ (١٫٨٨م) بوو، کێشیشی ١٤٢ پاوەند (٦٤ کگم) بوو کە ئەم کێشەی لەشی خۆی بە نزیکەیی پاراستووە بەدرێژاییی ساڵانی ١٨٨٨ بۆ ١٩٢٦. شێوەی تێسلا لەلایەن ئارتەر سەرنووسەری ڕۆژنامە بەم شێوەیە باسکرابوو «بە نزیکەییی درێژترین، بە نزیکەییی لاوازترین و بە دڵنیایییەوە جددیترین پیاو بوو کە بەردەوام دەچوو بۆ دێلمۆنیکۆ». تێسلا کەسایەتییەکی ڕێکوپێک و شیکپۆشی شاری نیویۆرک بوو، کەسێک بوو گرینگی بە شێوە و ڕوخساری خۆی دەدا تاوەکو پەیوەندییەکانی کار و پیشەکەی گەشە پێبدات. ھەروەھا خاوەنی چاوی کاڵ، دوو دەستی گەورە و پەنجە گەورەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو مەزن بوو

 

سەرچاوەکان

  1. https://www.britannica.com/biography/Nikola-Tesla
  2. https://lemelson.mit.edu/resources/nikola-tesla
  3. https://www.teslasociety.com/biography.htm