دۆخەکانی ماددە

  • بابەتەکان
  •  
  • Mumin
دۆخی ماددە ، جۆرەکانی ، چۆن دۆخی ماددە دەگۆڕێت

ناوەرۆک

  1. دۆخەکانی ماددە
  2. دۆخە سەرەکیەکانی ماددە 
  3. چۆن دۆخی ماددە دەگۆڕێت 
  4. شلبونەوە و بەستن
  5. هەڵچون
  6. چڕبونەوە نیشتن 
  7. سەرچاوەکان 

سەرەتا 

لە زانستی فیزیادا دۆخەکانی ماددە (بە ئینگلیزی: states of matter) بریتییە لە ئەو شێوە ئاشکرا و دیارانەی کە ماددەی تێدایە. چوار دۆخی سەرەکیی ماددە بوونی هەیە و ڕۆژانە مرۆڤ بەرکەوتنی لەگەڵ هەر چوار جۆرەکەدا دەبێت، کە بریتیین بە: ڕەق، شل، گاز و پلازما. هەندێک دۆخی ناوەندیش بوونیان هەیە و ناسراون وەک کریستاڵی (بلوور) شل، هەروەها هەندێک دۆخیش تەنها لەژێر بارودۆخێکی تایبەتدا دروست دەبن وەک بۆوز-ئەنیشتاین (بە ئینگلیزی: Bose–Einstein) و ماددەی نیوترۆن-لێک‌هەڵوەشاو (بە ئینگلیزی: neutron-degenerate matter)، کە ئەم دۆخانە تەنها لە بارودۆخی تایبەتی ڕیزکراوی زۆر سارد و چڕ و وزە بەرزدا دروست دەبن

چوار دۆخە سەرەکیەکەی ماددە 

ڕەق - Solid
لە دۆخی ڕەقیدا دەنکۆڵە پێکهێنەرەکان (ئایۆنەکان، گەردیلە یان گەردەکان) لە نزیک یەکترەوە ڕیزبوون، هێزی کێشکردنی نێوان دەنکۆڵەکان ئەوەندە بەهێزە کە ئەم دەنکۆڵانە ناتوانن بەشێوەیەکی سەربەست بجووڵێن و تەنها دەتوانن لەرینەوە بکەن. لە ئەنجامدا ماددە ڕەقەکان شێوەیەکی جێگیر و پێناسەکراو و قەبارەیەکی دیاریکراویان هەیە، ماددە ڕەقەکان تەنها بەهۆی هێزێکی دەرەکییەوە و کاتێک دەشکێنرێن یان لەت دەکرێن قەبارەکەیان دەگۆڕێت.
لە ڕەقە کریستاڵییەکاندا، دەنکۆڵەکان (گەردیلە، گەرد یان ئایۆنەکان) بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و ڕیزکراو و نەخشێنراوی دووبارەبووەوە ڕیزبوون. چەندین شێوەی پێکهاتنی جیاوازی کریستاڵ بوونی هەیە، هەروەها دەکرێت هەمان ماددە زیاتر لە یەک شێوەی پێکهاتن (یان باری ڕەقی) هەبێت. بۆ نموونە ئاسن لە خوار پلەی گەرمی 912 پلەی سیلیزییەوە شێوەی پێکهاتنی بریتییە لە ناوەندە تەنی شەشپاڵوویی (بە ئینگلیزی: body-centred cubic)، هەروەها لەنێوان پلەی گەرمی 912 بۆ 1,394 پلەی سیلیزی شێوەی پێکهاتنی بریتییە لە ناوەندە ڕووی شەشپاڵوویی (بە ئینگلیزی: face-centred cubic).
سەهۆڵ پانزە شێوەی پێکهاتنی کریستاڵی یان پانزە باری ڕەقیی هەیە، کە لە پلەی گەرمی و پەستانی جیاوازدا دروست دەبن.
ڕەقەکان بە شلکردنەوە دەتوانرێت بگۆڕدرێن بۆ شل، هەروەها شلەکان بە بەستن لە دۆخی شلییەوە دەچنە دۆخی ڕەقی. ڕەقەکان دەتوانن بە کرداری هەڵچوون (بە ئینگلیزی: Sublimation) لە دۆخی ڕەقییەوە بچنە دۆخی گازی، هەروەها گازەکان دەتوانن ڕاستەوخۆ بچنەوە دۆخی ڕەقی لە ڕێگەی کرداری نیشتنەوە (بە ئینگلیزی: deposition).

شل - liquid
شل ماددەیەکی نەپەستێوراوە، شێوەی ئەو دەفرە دەگرێت کە تێیدەکرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی پەستانی بخرێتە سەر قەبارەیەکی بەنزیکەیی جێگیری دەبێت. ئەگەر پلەی گەرمیو پەستانێکی جێگیری هەبێت قەبارەکەی پێناسەکراو و دیاریکراو دەبێت. کاتێک ماددەیەکی ڕەق گەرم دەکرێت تاکوو پلەی گەرمی زیاتر لە پلەی شلبوونەوەکەی، هەروەها پەستانەکەی لە خاڵی سیانی ماددەکە زیاتر بوو، لە ئەنجامدا دەبێت بە ماددەی شل. لەگەڵ ئەوەشدا هێزی نێوان گەرد یان ئایۆن یان گەردیلەکانیش گرنگە، بەڵام گەردەکان وزەی پێویستیان هەیە بۆ ئەوەی بەیەکەوە بجووڵێن و شێوە پێکهاتنێکی جووڵاو دروست بکەن، کە ئەمەش بە واتای ئەوە دێت شێوەی ماددە شلەکان دیاریکراو نییە و بەپێی ئەو دەفرەی تێیدەکرێت دەگۆڕێت. ئاساییانە قەبارەی ماددەیەک لە دۆخی شلیدا لە قەبارەی هەمان ماددە لە دۆخی ڕەقیدا زیاترە. باشترین نموونەی ماددەی شل بریتییە لە ئاو. ئەوپەڕی ئەو پلەی گەرمییەی کە ماددەیەک دەتوانێت وەک شل تیایدا بمێنێتەوە پێی دەوترێت خاڵی شلۆق (پلەی گەرمی شلۆق)

گاز - gas
گاز ماددەیەی پەستێوراوە، ئەو ماددەیەی لە دۆخی گازیدایە تەنها شێوەی ئەو دەفرە وەرناگرێت کە تێی دەکرێت، بەڵکوو فراوان دەبێت تاکوو دەفرەکە پڕ دەکات. لە ماددە گازەکاندا گەردەکان بڕی پێویستی جووڵە وزەیان پێیە، هەروەها کاریگەری هێزی نێوان گەردییان زۆر بچووکە (بۆ گازە نموونەییەکان ئەم هێزە سفرە). دووری نێوان دوو گەردی دراوسێ لە گازێکدا لە قەبارەی گەردەکان زیاترە. گاز شێوە و قەبارەی دیاریکراو و پێناسەکراوی نییە، بەڵام تەواوی ئەو دەفرە داگیر دەکات کە تێی دەکرێت. ماددەی شل بە گەرمکردنی لەژێر پەستانێکی جێگیردا تاکوو پلەی کوڵان دەگۆڕێت بۆ گاز، یان دەتوانرێت پەستانەکەی لە پلەی گەرمییەکی جێگیردا نزم بکرێتەوە تاکوو دەگۆڕێت بۆ گاز.
گاز لە پلەی گەرمی خوار پلەی گەرمی شلۆقەکەیدا پێشی دەوترێت هەڵم، کە دەتوانرێت تەنها بە پەستاوتن و بەبێ ساردکردنەوە بکرێتەوە بە ماددەیەکی شل. هەڵم دەتوانێت بەشێوەیەکی هاوسەنگ لەگەڵ شل یان ڕقدا بوونی هەبێت، کە لە ئەم حاڵەتەدا پەستانی گازەکە یەکسانە بە پەستانی هەڵمینی شلەکە یان ڕەقەکە

پلازما - plasma
هەروەکوو گاز ئەو ماددانەی لە دۆخی پلازمادان شێوە و قەبارەیەکی دیاریکراویان نییە، بەڵام پلازماکان توانای گەیاندنی کارەبایان هەیە و بواری موگناتیسی و تەزووی کارەبا دروست دەکەن، هەروەها بەشێوەیەکی بەهێز کاردانەوەی بۆ هێزی کارۆموگناتیسی دەبێت.
ناوکەی بارگە پۆزەتیڤ لەناو دەریای ئەلیکترۆنی ناپەیوەستی ئازادانە جووڵاودا مەلە دەکات، بە هەمان شێوەی ئەو بارگانەی کە لە کانزای گەیەنەردان. لە ئەنجامدا ئەم دەریای ئەلیکترۆنە وا لە ماددەکە دەکات لە دۆخی پلازمادا کارەبا بگەیەنێت.
ماددەیەک لە دۆخی گازیدا بە یەکێک لە ئەم دوو ڕێگایە دەخرێتە دۆخی پلازماوە، کە یەکێکیان بریتییە لە جیاوازییەکی گەورەی ڤۆڵتەیج لەنێوان دوو خاڵدا، دووەمیشیان بریتییە لە بەکارهێنانی پلەی گەرمییەکی تەواو بەرز.
گەرمکردنی ماددە بۆ پلەی گەرمییەکی زۆر بەرز دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەلیکترۆنەکان گەردیلەکان جێبهێڵن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەلیکترۆنی سەربەست، لە ئەنجامدا ماددەیەکی نیمچە ئایۆنراو دروست دەبێت و پێی دەوترێت پلازما.
لە پلە گەرمییە تەواو بەرزەکاندا، وەک ئەوەی لە ئەستێرەکاندا بوونی هەیە، وا دادەنرێت کە بەشێوەیەکی سەرەکی هەموو ئەلیکترۆنەکان سەربەست بن، لە ئەنجامدا  پلازمایەک بە وزەی زۆر بەرز بەشێوەیەکی بنەڕەتی لە ناوکێکی ئازاد پێکدێت، کە لە دەریایەکی ئەلیکترۆندا مەلە دەکات، ئەم جۆرە پێی دەوترێت پلازمای تەواو ئایۆنراو

چۆن دۆخی ماددە دەگۆڕێت؟
زیادکردن و کەمکردنەوەی وزە لە ماددەیەک دەبێتە هۆی گۆڕانی فیزیایی کاتێک ماددە لە دۆخێکەوە دەچێتە دۆخێکی تر، بۆ نموونە، پێدانی وزەی گەرمی بە ئاوی شل دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم ئاوە ببێت بە هەڵم و بچێتە دۆخی گازی. هەروەها کەمکردنەوە و دەرهێنانی وزە لە ئاوی شل دەبێتە هۆی ئەوەی بچێتە دۆخی ڕەقی و ببێت بە سەهۆڵ. ئەم گۆڕانە فیزیاییانە دەکرێت بەهۆی گۆڕانکاری لە جووڵە و پەستانیشدا ڕووبدەن

شلبوونەوە و بەستن
کاتێک وزەی گەرمی دەدرێت بە ماددەیەکی ڕەق، دەنکۆڵەکانی بە خێراتر دەجووڵێن و زیاتر لەیەکتر دوور دەکەونەوە، کاتێک ئەم ماددەیە دەگاتە پلەی گەرمی و پەستانی دیاریکراو، واتە دەگاتە پلەی شلبوونەوەکەی، ئەم ماددە ڕەقە دەست دەکات بە شلبوونەوە و گۆڕانی دۆخەکەی لە ڕەقییەوە بۆ شلی. 
کاتێک وزەی گەرمی لە شلێک دەردەهێنرێت (پلەی گەرمییەکەی کەم دەکرێتەوە)، جووڵەی دەنکۆڵەکانی خاو دەبێتەوە و دەست دەکەن بە وەستان لە شوێنێکی ماددەکەدا، کاتێک ئەم ماددەیە دەگاتە پلەی گەرمی ساردبوونەوەی پێویست لە پەستانێکی دیاریکراودا، واتە دەگاتە پلەی بەستن، ئەم ماددەیەی کە لە دۆخی شلیدایە دەچێتە دۆخی ڕەقی

هەڵچوون
ئەم پڕۆسەیە کاتێک ڕوودەدات کە ماددەیەک ڕاستەوخۆ لە دۆخی ڕەقییەوە دەچێتە دۆخی گازی بەبێ ئەوەی بە دۆخی شلیدا تێپەڕ ببێت، دەکرێت کاتێک ڕووبدات کە پلەی گەرمیی ماددەکە لەناکاو زیاد دەکات بۆ ئەوپەڕی پلەی کوڵانەکەی (بەهەڵم بوونی لەناکاو). هەندێک ماددەی زووهەڵمیوو (فڕۆک)ـی وەک دووانە ئۆکسیدی کاربۆنی بەستوو و سەهۆڵی وشک لە پلەی گەرمی و پەستانی ژووردا پڕۆسەی هەڵچوونیان بەسەردا دێت

هەڵماندن
پڕۆسەی هەڵماندن بریتییە لە گۆڕانی ماددەیەک لە دۆخی شلەوە بۆ دۆخی گازی، کە دەکرێت ئەم گۆڕانە لەڕێگەی هەڵماندن یان کوڵاندنەوە ڕووبدات. لەبەر ئەوەی دەنکۆڵەکانی ماددەی شل لە جووڵەیەکی جێگیردان جار جار بەیەکدا دەکێشن، هەر بەیەکدا کێشانێک دەبێتە هۆی گواستنەوەی وزە، لە ئەنجامدا کاتێک وزەی پێویست بۆ دەنکۆڵەکانی نزیک لە ڕووکاری ماددەکە گوازرایەوە، ئەم دەنکۆڵانە دەکرێت وەک دەنکۆڵەی گازی سەربەست لە شلەکە دەربچن. ئەو ماددە شلەی کە دەبێت بە هەڵم (گاز) سارد دەبێتەوە، چونکە وزە گەرمییەکەی گواستووەتەوە بۆ دەنکۆڵەکانی ڕووکارەکەی و وای لێکردوون لە ماددەکە جیاببنەوە و سەربەست بن.
ماددەیەکی شل دەکوڵێت کاتێک وزەی گەرمیی پێویستی پێ‌دەدرێت، کە ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی بڵقی گاز لەسەروو ڕووکارەکەی، ئەم پڕۆسەیە لە پلەی کوڵاندا ڕوودەدات، پلەی کوڵان بریتییە لە ئەو پلەی گەرمی و پەستانەی کە شلێک تیایدا دەبێت بە گاز

چڕبوونەوە و نیشتن
چڕبوونەوە کاتێک ڕوودەدات کە ماددەیەکی گاز وزەی ون دەکات و دەنکۆڵەکانی لە یەکتر نزیک دەبنەوە بۆ دروستکردنی شل، بۆ نموونە هەڵمی ئاو چڕ دەبێتەوە و دەبێت بە ئاوی شل.
نیشتن کاتێک ڕوودەدات کە گازێک ڕاستەوخۆ دەچێتە دۆخی ڕەقییەوە بەبێ ئەوەی بە دۆخی شلیدا تێپەڕ ببێت.